ئەم پەڕتووکە تایبەتە بە جۆرێک لە کەڤرەکان، ئەویش کەڤرە نیشتەنییەکانە. زیاتر لە سی و دوو ساڵە گشت توێژینەوە و نووسینەکانم لەم پسپۆڕییەدا دەسووڕێتەوە و خۆم لە پسپۆڕییەکانی تر نەداوە. بێگومان کەڤرە نیشتەنییەکان بە هەردوو جۆرە سەرەکییەکەیەوە، وردبوو و کیمیاییەکان، ئیتر لە ڕووی پێکهاتەو جۆرەکانیان و بنەچەیان و جیۆکیمیاییان و ماددەی ئەندامیی نێو ئەم کەڤرانە بێت، یان بەردیوەکانی نێویان، یان وردەکاریی توانای بەرهەمهێنانی پێترۆل بێت. ئەم بابەتانە بۆ من تا ئەم ساتەش جێگەی شادمانیمە و زۆر بەچێژن و تا تەمەنیش ڕێبدات و پشت بەخوا هەر لەم چوارچێوەیەدا کار دەکەم.
تا ئاستێک ئەم پەڕتووکە لە پەڕتووکەکانی ترم جیاوازە، ئەویش بەهۆی ئەوەی، کە بۆ خوێندکارانی بەشەکانی زەویناسی و هاوشێوەکانیان و زەویناسان و بەتایبەتی پسپۆڕانی بواری نیشتەنییەکان و کەڤرە نیشتەنییەکان نووسراوە. بەدڵنیاییەوە کاتێک بەرهەمێک بۆ دەستەیەکی دیاریکراو دەنووسرێت پێویستی بە هەوڵدان و لێوردبوونەوەی زۆر زیاتر و قووڵبوونەوە لە بابەتەکاندا هەیە، تا لەئاست چاوەڕوانی ئەو خوێنەرانەدا بێت. هەرچەندە دەبێت ئەوەش لەیاد نەکەین لەهەوڵێکی ئاوادا و لە سایەی نەبوونی نووسراوی پێشووتر بەزمانی کوردی، کارێکی بێ کەموکورتی نابێت، ئەمەش بەبڕوای من ئاساییە. هەر بەهۆکاری ئەوەی کە پەڕتووکەکە بۆ زەویناسانە، واتە ئەم خوێنەرانە پاشخانێکیان هەیە و زانیارییان سەبارەت بەهێڵە سەرەکییەکانی پەڕتووکەکە هەیە، بۆیە زۆر زاراوەم لە ئێستادا وەرنەگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، هەروەک زۆر لە نووسینی ئینگلیزی هێڵکارییەکانیشم وەک خۆی هێشتۆتەوە (بێگومان بەئاماژە بۆکردن بۆ سەرچاوە بنەڕەتییەکە، کە لە ناونیشانی شێوەکەدا نووسراوە) تا لەئێستادا لەلایەک بەوانەوە زۆر سەرقاڵ نەبم و لەلایەکی تریش بیروڕای خوێنەران وەربگرم و بزانم ئەوانیش لە دانان و داتاشینی زاراوەی کوردی پڕ بەپێستی زاراوە بیانییەکان یارمەتیدەربن، کە پێشەکی سوپاسیان دەکەم.